icon caret Arrow Down Arrow Left Arrow Right Arrow Up Line Camera icon set icon set Ellipsis icon set Facebook Favorite Globe Hamburger List Mail Map Marker Map Microphone Minus PDF Play Print RSS Search Share Trash Crisiswatch Alerts and Trends Box - 1080/761 Copy Twitter Video Camera  copyview Whatsapp Youtube
دوابەدوای هەوڵی ڕیفراندۆمە پڕ کۆسپەکەی کوردستانی عێراق
دوابەدوای هەوڵی ڕیفراندۆمە پڕ کۆسپەکەی کوردستانی عێراق
Members of the Kurdistan Region Parliament attend a session in Erbil, Iraq 18 February 2019. REUTERS/Azad Lashkari

دوابەدوای هەوڵی ڕیفراندۆمە پڕ کۆسپەکەی کوردستانی عێراق

کاردانەوە نەرێنیەکانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی 2017 حوکمی بنەماڵەیی لە نێو دوو حیزبە کوردیە سەرەکیەکەی عێراقدا بەهێزتر کرد. دیموکراسیەتی ناوخۆیی حیزبەکان کاڵبوەتەوە و پەیوەندی نێوان حیزبەکان سست و لاواز بووە. تەنها هەبوونی دام و دەستگای بەهێز لە هەولێر و نوێبوونەوەی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان حیزبەکان دەتوانێت یارمەتی هەرێمێ کوردستان بدات لە گەیشتن بە سازانێکی سەقامگیر لەگەڵ بەغداد لەسەر کێشە هەڵپەسێراوەکان.

  • Share
  • Save
  • Print
  • Download PDF Full Report

زانیاریە بەدەستهاتووە سەرەکیەکان

        چی نوێ لە ئارادایە؟ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ نیشانیدا کە پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ک) و یەکیەتی نیشتمانی کوردستان (ی.ن.ک) جێگیرن وەک هێزی باڵادەست لە سیاسەتی کوردستانی عێراقدا. بەڵام کاردانەوە نەرێنیەکانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ٢٠١٧دا هەماهەنگیی نێو حیزبەکانی لەقکردووە و لە ئاکامدا بووەتە هۆکاری لاوازبوونی پێگەی دانوستانکاری دوو حیزبەکە لەگەڵ بەغدادا.

        گرنگی ئەمە چیە؟ ئەگەری بەروپێشچونی دانوستانەکان لەگەڵ بەغداد و ڕیفۆرمی لەمێژە پێویستی هەرێمی کوردستان هەردوو بەندن بە چۆنیەتی دووبارە ڕێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی یەکیەتی و پارتی لە لایەن سەرکردەکانیانەوە. بەرەوپێشچوونی لەم چەشنە وا دەکات سەرکردە کوردەکان هەرێمی کوردستان پارێزراوتربکەن لە بەرامبەر مەترسییە دەرەکیەکاندا و یارمەتی هەرێمەکە بدەن تا ئەو زیانانە بگێڕنەوە کە بە هۆی ڕیفراندۆمەوە لێی کەوتوە.

        چی دەبێت بکرێت؟ نەتەوە یەکگرتووەکان، بە هاوکاری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتی ئەوروپادا، دەبێت هەلە نوێیەکانی بە هۆی پێکهێنانی کابینەی حکومەتی تازەوە لە هەولێر هاتوونەتە پێشەوە بیقۆزنەوە بۆ هاندانی ڕیفۆرمی دامودەستگایی لە هەرێمی کوردستاندا و هەروەها لە گەیشتنی هەرێم بە سازانێکی سەقامگیر لەگەڵ بەغداد لەسەر هەردوو کێشەی هەڵپەسێراوی سەرەکیی دابەشکردنی داهات و دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان.

کورتەی دەق

کاردانەوە توندەکان دژ بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردەکان لە ئەیلولی ٢٠١٧دا، کە بوە هۆی گێڕانەوەی زۆربەی ناوچە جێناکۆکەکان بۆ ژێر کۆنترۆڵی هێزە عێراقیەکان، زۆری لە دوو حیزبە سەرەکیەکەی کوردستانی عێراق کردوە کە بیر لە دووبارە بنیاتنانەوەی هاوپەیمانیەتی بکەنەوە و بەیەکەوە لەگەڵ بەغدادا هەوڵی کەمکردنەوەی جیاوازی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانیان بدەن. ئەم هەنگاوانە پێویستیەکی ستراتیجین گەر هەردوو دوو حیزبی: یەکیەتی نیشتمانی کوردستان (ی.ن.ک) و پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ک) بیانەوێت بەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش بەرن. بەڵام ململانێکانی نێوان حیزبەکان و ناو حیزبەکان، هاوکات لەگەڵ ململانێی دەسەڵات، بوونەتە کۆسپ لەبەردەم هەنگاونان بەرەو ئەم ئاراستەیە. کاردانەوە خراپەکانی ڕیفراندۆم هەروەها بوەتە هۆی داڕمانی خێراتری پڕۆسەی دیموکراسی نێو حیزبەکان و دام و دەستگا فەرمیەکانی هەرێمەکە، لە کاتێکدا هۆکارێکبوە بۆ بەهێزتربوونی حوکمی بنەماڵەیی. هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتی بۆ باشترکردنی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەبێت بە هەوڵدان بۆ بنیاتنانەوەی هاوپەیمانیەتی و دۆستایەتی نێوان یەکیەتی و پارتی و دروستکردنی پاڵەپەستۆ بەرەو ڕیفۆرمی سیاسی دەستپێبکات.

ساڵی ٢٠١٧ ساڵێکی کارەساتباربوو بۆ کوردستانی عێراق. یەکیەتی و پارتی هەردوو دەیانویست هاوسەنگەرییان لەگەڵ هاوپەیمانیەتی ڕۆژئاوایی بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بفرۆشنەوە بە ڕۆژئاوا لە بەرانبەر پاڵپشتیی ئەوان بۆ هەوڵی سەربەخۆیی کوردستان. بەڵام دوو حیزبەکە ئەگەری هەر دەستکەوتێکیان لە دەستدا کە بۆی هەبوو وەریبگرن لە بەرانبەر سەرکەوتنە مەیدانیەکانیان بەسەر داعشدا بە هۆی هەوڵێکی ڕیفراندۆمی ناوەختەوە کە لە لایەن پارتیەوە ڕابەرایەتی دەکرا. نەک هەر ڕووبەرێکی زۆری چەندین ناوچەی جێناکۆکیان لەدەستدا و نزیکەی هەموو هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکانیان (جگە لە ئیسرائیل) لە خۆیان توڕە کرد، بەڵکو ناکۆکی و جەمسەریەتی سیاسیی نێو هەرێمی کوردستانیشیان تۆختر کردەوە کاتێک پەردە لەسەر قوماری ڕیفراندۆم لادرا و هەندێک دەهۆڵی خیانەتیان لە دژی هەندێکی تر کوتی.

لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٨دا، دەستنیشانکردنی عادل عەبدول مەهدی (سیاسەتمەدارێک ناسراو بە نزیکی و هاوسۆزی بۆ کوردەکان) بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزرانی عێراق هەلێکی بەخشیە کوردەکان کە کێشە هەڵپەسێراوەکانیان لەگەڵ بەغدادا لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان و دابەشکردنی داهات چارەسەربکەن. بەڵام یەکیەتی و پارتی ناتوانن ئەم هەلە بقۆزنەوە گەر خاوەنی یەکڕیزی و یەکبڕیاری نەبن لە بەغداد. لە ئێستادا، ئەوان زیاتر مەیلی گرنگیدانیان هەیە بە ڕێکەوتنی تاکلایەنە لەگەڵ لایەنە بەهێزە سیاسیە سەربازیە شیعەکاندا کە دەستکەوتی خێرا بەڵام کورتخایەنی لێ بەرهەمدێت.

ڕێکەوتنی ستراتیجی پێشووی نێوان دوو حیزبەکە کە لە لایەن مەسعود بەرزانی و جەلال تاڵەبانی سەرۆکی هەردوو حیزبەوە نزیکەی دەیەیێک لەمەوبەر واژوو کرا لەنگەری سەقامگیری ناوچەکەبووە، بەڵام دوابەدوای پشێویەکانی ساڵی ٢٠١٧ و کۆچی دوایی تاڵەبانی هەر لەو ساڵەدا، ڕێکەوتنەکە بەرگەی نەگرت. دووبارە بنیاتنانەوەی ڕێکەوتنی ستراتیجی ئەستەمە و هاوکات لایەن و دام و دەستگایەی جێگرەوەی جێگیری تریش نیە بۆ زامنکردنی داهاتووی هەرێمەکە. ناکۆکیەکانی نێو لایەنە کوردیەکان تەنها پەیوەندیەکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقدا سەختتر نەکردوە، بەڵکو لەگەڵ بەرهەم ساڵحی پشکی یەکیەتی بۆ سەرۆک کۆماریش پەیوەندیەکانی ئەستەم کردوە و پارتی دژی هەڵبژاردنی وەستایەوە. لاوازیی سەرەکیی کوردستانی عێراق لەوەدایە کە دوابەدوای ڕوخانی ڕژێمەکەی سەدام حسێن لە ٢٠٠٣وە تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان شکستی هێناوە لە بنیاتنانی چەند دام و دەستگایەک کە بتوانێت - بێ لایەن لەو دوو حیزبەی پێشتر لە حوکمداری بەعس یاخیبوون و ڕاپەڕین - چاودێری سیستەمی سیاسی هەرێمەکە بکات. لە ئێستادا هەرێم بەرەو دواوە هەنگاو دەنێت. دام و دەستگا فەرمیەکان و حیزبەکانیش تووشی قەیران هاتوون و بوونەتە بارمتەی تۆڕێک لە کەسایەتی حیزبی کە بە هۆی خزمایەتی یاخود بەرژەوەندی تایبەتەوە پێکەوە گرێدراون.

کێشەکە سەرچاوەدەگرێت لە نێو حیزبەکان خۆیان و لە داڕمانی پڕۆسەیەکی دیموکراسیدا کە زامنی دەستاودەستکردنێکی سەقامگیری دەسەڵاتبکات. ئەنجومەنەکانی ڕاوێژ و بارەگای سیاسیەکان چیدی وەک مەکۆیەک بۆ ڕاویژکاری سیاسی ڕۆڵنابینن. بە پێچەوانەوە، بەرژەوەندی کەسی و خێزانی باڵادەستە لە خستنەڕوو و هەڵبژاردننی کاندید بۆ پۆستە حکومیەکان و دانانی پلانی ستراتیجی. ئەگەر ئەم مۆدێلە سیاسیە بەردەوامبێت، ئەوا هێزی زیاتر دەبەخشێت بەو سەرۆکانەی پێیان وایە کوردستان دەتوانێت لە قەیرانی پاش ڕیفراندۆم بە پەیوەندی حیزبی و خێزانی ڕزگاریبێت لە بری هەماهەنگی ناو حیزبەکان و نێوحیزبەکان و هەبوونی دامودەستگای فەرمیی باوەڕپێکراو. لایەنە سیاسیە خۆسەپێەکانیش هەوڵدەدەن لە ڕێگای ڕێکەوتنی حیزبیەوە لەگەڵ حیزبە شیعەکاندا ناوچەکانی بە هۆی ڕیفراندۆمەوە لە دەستیاندا بەدەستیبێننەوە، لە جیاتی ئەوەی پێکەوە لەگەڵ حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیدا مامەڵەبکەن. ڕێکەوتنی لەم جۆرە دەسەڵاتی زیاتر بە حیزب دەدات بەسەر دامودەستگاکانی حکومەتدا هەردوو لە هەرێمی کوردستان و بەغداد، ڕێگایەکیش دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغداد لە گەیشتن بە سازان لەسەر کێشە هەڵپەسێراوەکان.

لە ساڵی ٢٠١٨دا و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق و هەرێمدا یەکیەتی و پارتی دووبارە باڵادەستی خۆیان سەلماندەوە و زیاترین دەنگیان بەدەستهێنا سەرەڕای شکستی ڕیفراندۆم. هۆکارێکی گەورەی سەرکەوتنیان ئەوەبوو کە دانیشتوانی هەرێم هەست ناکەن بەشێکبن لە بڕیاری سیاسی لە وڵاتەکەیان و پەنایان بردۆتەوە بەر حوکمداری هاوبەشی یەکیەتی و پارتی، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن پەرتبوون و ڕوانگەیەکی ستراتیجی دوور مەودایان نیە. بەڵام بەردەوامیی پڕۆسەی سیاسی، وەک هەردەم، هیچ چارەسەرێک پێشکەشناکات بۆ قەیرانە سیاسییە قوڵەکەی هەرێمەکە. دەمێکە پێویستە ڕیفۆرم ئەنجامبدرێت و لە میانەی ئەم ڕیفۆرمەدا میکانیزمێکی سەرپەرشتکاری دابمەزرێندریت لە ڕێگای دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ و کۆمسیۆنی سەربەخۆوە کە چاودێری و سەرپەرشتیاری لایەنی جێبەجێکاربکات.

ڕێڕەوی سیاسەت لە کوردستانی عێراق لەسەر ئەوە بەندە کە ئایە هێزە ڕیفۆرمخوازەکان یاخود هێزە تاکلایەنە خۆسەپێنەکان لە نێو دوو حیزبی فەرمانڕەوادا سەردەکەون، بە تایبەتیش لە نێو پارتی دیموکراتی کوردستاندا کە بە شێوەیەکی گشتی هێزی باڵادەستە. ڕێڕەوی دانوستانەکان لەگەڵ بەغدادیش هەر لەسەر ئەمە بەندە. گەر لایەنە ڕیفۆرمخوازەکانی نێو پارتی بتوانن بەسەر ئەمەکداریی خێزان و حیزبدا سەربکەون و لەگەڵ لایەنە چاکسازیخوازەکانی نێو یەکیەتیدا یەکبگرن ئەوا دەتوانن پێکەوە فشاربکەن بۆ گۆڕانکاری دامودەستگایی لە هەرێمی کوردستان و ڕێگا خۆشبکەن بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد لەسەر کۆمەڵێک کێشەی هەڵپەسێردراو. بەڵام ئەگەر لایەنی دژە ڕیفۆرم لە نێو پارتیدا خۆیان بسەپێنن، ئەوا حیزبەکە ڕەنگە هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵات و هەژموونی تەواوەتی بدات لە هەرێمی کوردستاندا، وەک چۆن لە هەوڵی ڕیفراندۆمدا بینرا. بڕیارێکی لەو جۆرەش، لایەنە خۆسەپێنەکانی نێو یەکیەتی بەهێزتر و سەرسەختتر دەکات.

هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەکان کە بە چڕی بەشداریانکردوە لە شەڕی داعش لە هەرێمی کوردستان دەبێت ئاگاداربن کە دەسەڵاتی دیموکراسیی هەرێمەکە و هێزی دامودەستگاکانی لە ئێستادا پاشەکشەدەکات دوای ڕوخانی ڕێکخراوە تیۆرستیەکە. بۆ ڕێگریکردن لەم بەرەودواچوونە، دەبێت لایەنە نێودەوڵەتیەکان هانی دامەزراندنی میکانیزمێکی چاودێری بدەن کە گەلی کوردستان خۆیان بتوانن سەرکردەکانیان بەرپرسیار ڕاگرن.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە کاریگەریی و هەژموونی لە عێراق بەندە بە هەبوونی هەماهەنگی لە نێوان لایەنە کوردیەکاندا لە هەولێر و بەغداد دەبێت گرنگیەکی تایبەت بەم بابەتە بدەن. هاوشێوەی ئەوان، وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتی ئەوروپا، کە پابەندن بە پلانی ستراتیژیی هەبوونی عێراقێکی دیموکرات و هاوسەنگ و کارا دەبێت گرنگی بەم بابەتە بدەن. هاوکات، پڕۆسەی هاریکاری نەتەوە یەکگرتوەکانیش لە عێراق پێویستی بە هەماهەنگیی نێوماڵی کوردی هەیە لە کاتێکدا کە نەتەوە یەکگرتوەکان خۆی ئامادە دەکات بۆ نێوەندگیری لە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدادا لەسەر بابەتی ناوچە کێشە لەسەرەکان و دابەشکردنی داهات.

ئەم لایەن و دامەزراوانە دەتوانن هاریکاری هەرێمی کوردستان بکەن لە زاڵبوون بەسەر ناکۆکیەکانیاندا و هاوکات دامەزراندن و بەردەوامبوونیان لەسەر میکانیزمی چاودێریی بەرپرسیارێتی – ئەمانە بۆ گەلێک کە زیاتر و زیاتر هەست بە زەوتکردنی مافەکانی دەکات – و هەروەها دووبارە ژیاندنەوە و خستنەوەگەڕی لایەنە ڕیفۆرمخوازەکان کە پێگەیەکی باشتریان هەیە و زیاتر ئامادەی دانوستانن لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغداد. بەم شێوەیە، برینی خۆزامدارکراوی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی وردەوردە تیمار دەبێت و جەستەی سیاسەتی کوردی نوێدەبێتەوە.